بەدخۆراكی Malnutrition حاڵەتێكە كە لەش بڕی تەواو لە ماددە خۆراكییەكانی پێنەگات. هۆكارەكانی بەدخۆراكی ئەمانەن: خۆراكی كەم یان خۆراكی ناهاوسەنگ، كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان، گرفت لە هەرس كردن یان هەڵمژینی خۆراك لە كۆئەندامی هەرسدا، نەخۆشیی جەستەیی، هەژاری، كارەساتی سروشتی، شەڕ و گرفتی سیاسی. لە حاڵەتە سووكەكاندا هیچ نیشانەیەك بەدی ناكرێت، بەڵام لە حاڵەتە سەختەكاندا نیشانەكان توند دەبن و ئاسەواری هەمیشەیی لەسەر لەشدا جێدەهێڵن. نیشانەكان بەپێی هۆكاری بەدخۆراكی جیاوازن و بەگشتی بریتین لە: سەرسووڕان، هەستكردن بە بێ هێزی و ماندووبوون، دابەزینی كێشی لەش. چارەسەركردن دەست پێ دەكات بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان، قەرەبووكردنەوەی كەمیی ماددە خۆراكییەكان لە پرۆتین، ڤیتامینەكان، كانزایەكان، چارەسەركردنی نیشانەكان. بەدخۆراكی ئەگەر چارەسەرنەكرێت لەوانەیە كە چەند ئاڵۆزییەكی لێبكەوێتەوە وەكو تووشبوون بە گەلێك نەخۆشیی فیزیكی و دەروونی، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری مردن.