ڤیتامین C و شێرپەنجە

ڤیتامین C و شێرپەنجە
پەیوەندیی نێوان ڤیتامین C و شێرپەنجە پەیوەندییەكی ئاڵۆزە، بەڵام لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون لە شێرپەنجە. ئەو كەسانەی كە خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C پەیڕەو دەكەن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە كەمترە. ڤیتامین C كە بە ترشی ئەسكۆربیك Ascorbic acid ناسراوە ماددەیەكی دژەئۆكسانی بەهێزە و رۆڵی هەیە لە پاراستنی ماددەی DNA لە گۆڕان كە دەبێتە هۆی دابەشبوونی كۆنترۆڵنەكراوی خانە یان دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی. بڕی باشی ڤیتامین C لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت لە هاوسەنگ كردنەوەی ئەو ماددە شێرپەنجەییانەی كە لە ناو گۆشتی پرۆسێسكراودا هەن بەتایبەتی ئەو ماددانەی كە دەبنە ئەگەری شێرپەنجەی گەدە. خۆشبەختانە خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین C ماددەی گرنگی تر لەخۆدەگرن بەتایبەتی دژەئۆكسانەكان كە ئەوانیش رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ڤیتامین C رۆڵی هەیە بۆ رێ گرتن لە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی لە پێست و سییەكان و ملی منداڵداندا. بەگشتی نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستییان بە بڕی زیاتری ئەم ڤیتامینە هەیە لەوكاتەی كە لەوانەیە چارەسەری كیمیایی وەكو زیانی لابەلا ببێتە هۆی كەمبوونەوەی ڤیتامین C لە لەشدا.
Top