دانەوێڵەی تەواو Whole grains لە خۆراكدا گرنگیی تەندروستیی زۆری هەیە. بۆ ئەوەی خۆراكت هاوسەنگ و تەندروستییانە بێت، دانەوێڵەی تەواو بخەرە خۆراكتەوە، چونكە جگە لە ڤیتامین و كانزا، ریشاڵ لەخۆدەگرن كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە و نەخۆشیی شەكرە كەم دەكەنەوە، هەروەها رێژەی بەرزی ریشاڵ هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی درێژ دەهێڵیتەوە. دانەوێڵەكان بەگشتی لە 2 گروپ پێكهاتوون: دانەوێڵەی تەواو و دانەوێڵەی سافكراو یان سپیكراو Refined. لە رووی بەهای خۆراكییەوە دانەوێڵەی تەواو گەلێك باشترە لە دانەوێڵەی سافكراو. مەرج نییە كە ئەگەر نانێك رەنگەكەی قاوەیی یان ئەسمەر بوو واتە لە گەنمی تەواوەوە Whole wheat دروستكراوە، هەروەها ئەگەر رەنگەكەشی سپی بوو مانای ئەوە نییە كە لە ئاردی سپی سافكراوەوە دروستكراوە، تەنیا ئەو نانەی كە 100% لە گەنمی تەواو دروستكراوە دەكەوێتە ناو دانەوێڵەی تەواوەوە. ساوار، جۆ، تۆستی Toast گەنمی تەواو، گەنمەشامی، شوفان Oats، چەند نموونەیەكی ترن بۆ دانەوێڵەی تەواو.