لەكاتی عادەدا لەشی ئافرەت خۆی بۆ دووگیانی ئامادە دەكات بە شێوەی ئەستووربوونی ناوپۆشی منداڵدان بۆ لەخۆگرتنی كۆرپە، ئەمەش بە كاریگەری هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن دێتە ئەنجام، بەڵام كە پیتاندن رووینەدا ئەوا ناوپۆشە ئەستووربووەكەی منداڵدان دەوەرێت و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی عادە. رەنگ و چڕی خوێنی مانگانە لە رۆژەكانی عادە جیاوازە، بۆ نموونە لەو كاتەی كە خوێنبەربوون زیاد دەبێت تۆپەڵی خوێنی مەییو بەدی دەكرێت. بینینی تۆپەڵی خوێنی مەییو Blood clots لەكاتی عادەدا زۆر ئاساییە، بەڵام ئەگەر تۆپەڵەكان لە مشتی دەست گەورەتر بن ئەو كاتە پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات. تۆپەڵی گەورە هۆكاری نائاسایی لەپاڵە وەكو: ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان بەتایبەتی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن، نەگەڕانەوەی قەبارەی گەورەبووی منداڵدان پاش منداڵبوون بۆ قەبارەی پێش دووگیانی كە دەبێتە هۆی زیادبوونی رووبەری ناوپۆشی منداڵدان، ریشاڵەگرێ Fibroid كە گرێی ناشێرپەنجەییە لە ناو منداڵداندا پەیدا دەبێت و بە كاریگەریی هۆرمۆنی ئیسترۆجن گەشە دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رووبەری ناوپۆشی منداڵدان و بینی بڕی زیاتری خوێن و تۆپەڵی خوێنی مەییو.