زیڕەی منداڵ چی دەگەیەنێت؟

زیڕەی منداڵ چی دەگەیەنێت؟
زیڕەی منداڵ Baby colic بەوە پێناسە دەكرێت كە بریتییە لە گریانی منداڵ بۆ ماوەی پتر لە 3 كاتژمێر لە رۆژێكدا، هەفتانە بەلای كەم 3 رۆژ، بۆ ماوەی بەلای كەم 3 هەفتە. چەندین هۆكار لەپاڵ گریانی منداڵی تازەبووندان، باوترینیان سك ئێشەیە Colic كە بە زیڕەی منداڵ ناسراوە و 30%ی منداڵان تووشی دەبن. منداڵی تووشبوو بە زیڕە شیر ناخوات، ئەژنۆكانی رادەكێشێت، گریان و كڕبوون بە نۆرە بۆ چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبێت ئینجا منداڵ دەچێتە خەوەوە. نۆرەكانی گریان زیاتر لەكاتی ئێوارە دەستپێدەكەن، بەڵام لەوانەیە كە لە هەر كاتێكی تردا سەرهەڵبدەن. بەگشتی گریانی منداڵ بەرە بەرە، بەرەو كەمیی دەچێت و لە تەمەنی 3- 4 مانگیدا لەخۆیەوە نامێنێت. منداڵ لە نێوان نۆرەكانی گریاندا زۆر ئاساییە لە هەموو روویەكەوە، هەروەها زیڕە هیچ كاریگەرییەك ناكاتە سەر تەندروستیی منداڵ. هۆكاری تەواوی زیڕەی منداڵ تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان لەوانەیە كە هۆكارەكە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕان لە ئاستی ئەو هۆرمۆنانەی كە كۆنترۆلی جوولەی ماسوولكەكانی ریخۆڵە دەكەن، یان تێكچوونی هاوسەنگیی بەكتریایەكانی ریخۆڵە. جگەرەكێشان لەكاتی دووگیانیدا، دووكەڵی جگەرە لەناو ماڵدا، بەرگەنەگرتنی شیری مانگا لە هەندێك منداڵدا هۆكاری هاندەرن بۆ زیڕەی منداڵ.
Top