هەوكردنی گەدە

هەوكردنی گەدە
هەوكردنی گەدە Gastritis حاڵەتێكی سووكە و چارەسەریشی ئاسانە. ناوپۆشی گەدە لە خانەی تایبەت پێكهاتووە كە ترشەڵۆك و ئەنزیم دەردەدەن بۆ هەرسكردنی خۆراك. ناوپۆشی گەدە بە چینێكی لینج داپۆشراوە كە لە كاریگەریی ترشەڵۆك دەیپارێزێت. میكانیزمی هەوكردنی گەدە لەوەدایە كە تێكچوونی ئەم چینە لینجە دەبێتە هۆی كەمتر دەردانی ئەنزیم و ترشەڵۆك و ماددەی لینج، ئەمەش دەبێتە ئەگەری داڕووشانی ناوپۆشی گەدە و سووتانەوە یان هەوكردن. هۆكارەكانی هەوكردنی گەدە بریتین لە: بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان بۆ ماوەیەكی زۆر وەكو دەنكی ڤۆلتارین و برۆفین و ئیندۆسید، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، جگەرەكێشان، زیاد خواردنەوەی چای یان قاوە، هەوكردن بە بەكتریای هێلیكۆبەكتیر H.pylori كە دەبێتە هۆی كولبوونی گەدە و دوازدەگرێ، گەڕانەوەی درێژخایەنی شلەی زەرداو بۆ ناو گەدە Bile reflux، رشانەوەی درێژخایەن، سترێس، جۆرێكی كەمخوێنی كە لەبەر كەمی ڤیتامین B12 پەیدا دەبێت. لە هەندێك كەسدا لەوانەیە كە هەوكردنی گەدە بێ نیشانە بێت، لەوانەشە ئەم نیشانانە لەخۆبگرێت: ئازار لە بەشی سەرەوە و چەپی سك كە لەوانەیە تیژ و بەردەوام بێت، هەستكردن بە سووتانەوەی گەدە، هەستكردن بە تێربوون و پڕبوونی گەدە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوەی كێشی لەش.
Top