ترس لە تەنیایی

ترس لە تەنیایی
تۆقین لە تەنیایی Monophobia واتە ترسێكی نائاسایی لەكاتی تەناییدا. هەموو كەسێك هەندێك جار هەست بە تەنیایی دەكات، بەڵام كەسانی تووشبوو كە بە تەنیا دەبن هەست بە ترس و پەستییەكی لەرادەبەدەر دەكەن. هۆكاری تووشبوون بە ترس لە تەنیایی دەگەڕێتەوە بۆ پەستی Anxiety، گەلێك جاریش دەبێتە یەكێك لە نیشانەكانی پەستی. تووشبوو لەوانەیە كە دوچاری نۆرەی تۆقین Panic attacks بێت لەو كاتەی كە بە تەنیا دەبێت. نۆرەی تۆقین بریتییە لە هەستكردن بە ترس و نیگەرانییەكی یەكجار زۆر بەبێ بوونی هۆكارێكی روون یان بە بێ بوونی هیچ مەترسی و هیچ شتێكی خەتەرناك، ئەم حاڵەتە بۆ چەند خولەكێك بەردەوام دەبێت، ئەو نیشانانەی كە هاوكات لەگەڵ نۆرەی تۆقیندا سەرهەڵدەدەن بریتین لە: هەستكردن بە ونكردنی كۆنترۆل، زیاد لێدانی دڵ و دڵەكوتێ، خێرابوونی هەناسە، سەرسووڕان، لەرزینی لەش، ئارەقەكردن. هەروەها لەوانەیە كە تووشبوو دوچاری نیشانەی توندتر بێتەوە وەكو: سینگ ئێشە یان توندبوون و گرژبوون لە سینگدا، هەناسەسواری، ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ.
Top