ڤاكسینی ئینفلوەنزا Flu vaccine بە رێژەی 70- 90% كاریگەرە بەتایبەتی لە منداڵ و گەنجەكاندا، هەروەها لە پێگەیشتووە تەندروستەكانیشدا سوودی هەیە. ئەگەرچی بەكارهێنانی ڤاكسینی ئینفلوەنزا لە بەساڵاچوواندا كاریگەرییەكی زۆری نییە، بەڵام هێشتا پاش تووشبوون بە ئینفلوەنزا نیشانەكان سووكتر دەكات و ئەگەری ئالۆزییەكان كەم دەكاتەوە و ئەگەری مردنیش بە ئینفلوەنزا تا رێژەی 80% كەم دەكاتەوە. ڤاكسینی ئینفلوەنزا لە ماسوڵكەی قۆڵ دەدرێت و پاش 2 هەفتە ئینجا كاریگەرییەكەی دەستپێدەكات، ڤاكسینەكە گونجاوە بۆ تەمەنی 6 مانگ و بەسەرەوە، دەشێ بۆ ئافرەتی دووگیان و تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەكاربێت، تەنیا ئەو كەسانەی كە هەستەوەرییان بە هێلكە هەیە نابێ ئەم ڤاكسینە بەكاربێنن. ئەگەرچی زیانە لابەلایەكانی ڤاكسینی ئینفلوەنزا لە هەموو كەسێكدا روونادەن، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند نیشانەیەك وەكو: ئازار لە شوێنی دەرزییەكە، ئازار لە پەیكەرە ماسوولكەكانی لەشدا، سەرئێشە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرميی لەش، زیادبوونی دەردراوی لووت، كڕانەوەی قوڕگ، سەرهەڵدانی هەستەوەری بە ڤاكسینەكە لە هەندێك كەسدا.