لە بڵاوكراوەیەكی پەیمانگای هێینزی Heinz تایبەت بە زانستە خۆراكییەكان ساڵی 1998 دا هاتووە كە ماددەی لایكۆپێن Lycopene بە رێژەیەكی بەرز لە تەماتەی تازە و دۆشاوی تەماتە و كیتچەب Ketchup و بەرهەمەكانی تری تەماتەدا هەیە. لایكۆپێن كە یەكێكە لە گروپی كارۆتینۆیدەكان Carotenoids كە دژەئۆكسانی بەهێزن و بە توندی بەرەنگاری كۆلكە سەربەستەكان Free radicals لە لەشدا دەبنەوە، ئەم كۆلكە سەربەستانە كە بریتین لە مۆلیكیولی ئۆكسجینی ناتەواو لە ئەنجامی كرداری ئۆكساندا پەیدا دەبن و كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر گەشە و چالاكی خانەكان، هەروەها هۆكارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشيی دڵ و شێرپەنجە و زوو پیربوون. جگە لە ماددە دژەئۆكسانەكان، تەماتە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، لەگەڵ رێژەی جیاواز لە ڤیتامین A، ڤیتامین B، پۆتاسیۆم، ئاسن، فۆسفۆر، هەروەها ریشاڵ و بڕێكی كەمی وزە. نابێ ئەمەش لە بیر بكرێت كە هێشتا گەلێك كەس بە خواردنی كیتچەب دوچاری هەستەوەری دەبن، جا هەستەوەری بەرامبەر بە پێكهاتەكانی تەماتە یان ماددەكانی تر كە لە دروستكردنی كیتچەبدا بەشدارن.