بڕی زیادی سۆدیۆم یان خوێ بەتایبەتی لەگەڵ بڕی كەمیی پۆتاسیۆم لە خۆراكدا لەوانەیە ببێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە ئەمەش بە دەوری خۆی ئەگەری تووشبوون زیاد دەكات بە: نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، جەڵتەی مێشك Stroke، نەخۆشیی گورچیلە. كەمكردنەوەی سۆدیۆم یان خوێ Salt لە خۆراكدا تا رادەیەكی زۆر كۆنترۆلی پەستانی بەرزی خوێنت دەكات، بەڵام پسپۆڕان لەگەڵ ئەوەدان كە باشتر وایە مرۆڤی تەندروستیش بڕی خوێی رۆژانەی لە خۆراكدا كەم یان سنووردار بكات. ئەمەش ئەنجام دەدرێت بە هەڵبژاردنی ئەو خۆراكانەی كە بڕێكی كەمیان لە خوێ تێدایە لەگەڵ دووركەوتنەوە لەو خۆراكانەی كە بڕێكی زۆری خوێ لەخۆدەگرن یان خوێی شاراوە Hidden salt لەخۆدەگرن وەكو ترشیات و گۆشتی قوتووبەند. یەكەم هەنگاو دووركەوتنەوەیە لە خۆراكی دەستكرد كە رێژەی 75% ی خوێی رۆژانەمان پێكدەهێنن. ئەگەر زیاتر لە دەرەوەی ماڵ لە رێستورانەكاندا خواردن بخۆیت ئەوا گومانی تێدا نییە كە بڕێكی زۆری سۆدیۆم وەردەگریت. هەروەها مەرج نییە كە ئەو خۆراكانەی سۆدیۆمیان زۆر تێدایە چێژەكەی خۆشتر بكەن، بۆیە بەر لە كڕینی هەر خۆراكێكی دەستكرد یان قوتووبەند پێویستە كە نووسراوی یا زانیاری خۆراكی سەر قوتوو یان سەر پاكێتەكە بە وردی بخوێنیتەوە بۆ زانینی رێژەی خوێ.