قاوە بۆ منداڵان زیانبەخشە

قاوە بۆ منداڵان زیانبەخشە
بە پێچەوانەی بۆچوونی خەڵك، خواردنەوەی قاوە لە منداڵ و هەرزەكاردا هەرگیز نابێتە هۆی وەستاندنی گەشە، بەڵام زیانی لابەلای تری هەیە كە كاریگەريی نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستییان. خەوزڕان Insomnia یەكێكە لە گرفتەكان، منداڵ لە تەمەنی 5-11 ساڵیدا پێویستی بەلای كەم بە 11 كاتژمێر نووستن لە رۆژێكدا هەیە، هەرزەكاریش پێویستی بە 9-10 كاتژمێر نووستن هەیە، ماددەی كافائین كە بەرێژەیەكی بەرز لە قاوەدایە بۆ ماوەی 8 كاتژمێر لە لەشدا دەمێنێتەوە، ئەم ماددەیە وروژێنەرە بۆ مێشك و دەبێتە هۆی كەم خەوتن. قاوە ترشێتی هەیە كە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر چینی سەرەوەی ددان بە شێوەی پەیداكردنی چاڵ و كلۆربوون، منداڵان زیاتر لە گەورەكان رووبەڕووی ئەم كێشەیە دەبنەوە پاش خواردنەوەی قاوە. قاوە لە رێگای وروژاندنی خانەكانی مێشكەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەروەها رێژەی دەردانی شلە لە گورچیلەكاندا زیاد دەكات، واتە میزكردن زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ونكردنی یان كەمبوونەوەی كالسیۆم لە لەشدا، بەمەشەوە ئێسك لاواز دەبێت. جگە لەمە، رێژە بەرزەكەی كافائینی قاوە كالسیۆم لە لەشدا كەم دەكاتەوە، بۆ نموونە پاش خواردنەوەی قاوە كە 100 ملگم كافائین لەخۆبگرێت ئەوا 6 ملگم كالسیۆم لە لەشدا كەم دەبێتەوە، لە منداڵدا كالسیۆم گرنگی زۆری هەیە بۆ گەشەكردنی ئێسك. زێدە بزۆكی W، ناڕحەتی، كەمبوونەوەی توانای تەركیز لەو منداڵانە بەدی دەكرێت كە قاوە دەخۆنەوە لەبەر كاریگەريی كافائین، رەنگە ئەم كاریگەرییە بۆ گەورەكان سوودبەخش بێت، بەڵام بۆ منداڵانی قوتابی زیانبەخشە لەوكاتەی كە كاریگەری كافائین بە درێژایی دەوامی قوتابخانە دەمێنێتەوە.
Top