خۆراك وئاستی شەكری خوێن

خۆراك وئاستی شەكری خوێن
سادەترین جۆری شەكر كە لەش دەتوانێت بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بكات شەكری گلوكۆزە Glucose. خواردن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Blood sugar، رێژەی بەرزبوونەوەكە بەندە بە جۆری خۆراك بەتایبەتی بڕ و جۆری خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان. هەندێك جۆری خۆراكی كاربۆهیدراتی كاتێكی كورت و هەندێك جۆری تر كاتێكی درێژتریان بۆ هەرسكردن پێویستە، بە مانایەكی دیكە ماوەی بەتاڵبوونی گەدە، ئەم ماوە كاتییە رۆڵی هەیە لە خێرایی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوكۆزی خوێن لەكاتێكی دیاریكراودا، هەروەها بڕی خۆراكیش رۆڵێكی گەورەی هەیە لە خێرایی و رێژەی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێندا. خواردنی بڕی زیادی خۆراك كە بڕێكی زۆری كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، كەچی خواردنی بڕێكی كەمی خۆراك كە رێژەیەكی كەمی كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت شەكری خوێن لە ئاستێكی نزم و كۆنترۆلكراودا دەهێڵێتەوە. هەروەها بڕ و جۆری خۆراك كاریگەریی دەكاتە سەر بڕی پێویست لە هۆرمۆنی ئینسولین، توانای ئینسولین بۆ دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن. ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ نەخۆشانی شەكرە، كە پێویستە كاربۆهیدراتەكان وەربگرن لە خۆراكی وەكو سەوزە، میوە، پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵەی تەواو، شیری كەم چەوری یان بێ چەوری، لەگەڵ خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ، هەروەها كەمكردنەوەی چەورییە تێرەكان و دووركەوتنەوە لە چەورییە هایدرۆجینكراوەكان لەگەڵ خواردنی ماسی بەلای كەم هەفتانە 2 جار.
Top