بەهای خۆراكیی خاس

بەهای خۆراكیی خاس
خاس Romaine Lettuce یەكێكە لە سەوزە گرنگەكانە بەوەی كە چەندین ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و مادەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین، ڤیتامین K، ڤیتامین C، فۆلێت، مەنگەنیز، كڕۆم، هەروەها وزەی زۆر كەمی تێدایە لەگەڵ رێژەیەكی بەرزی ئاو. خاس بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشی سوودی لێ وەردەگیرێت لەو كاتەی كە بیتاكارۆتین و ڤیتامین C بەیەكەوە رێگرن لەبەردەم ئۆكسانی كۆلیستیرۆل كە بەناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە دەنووسێت و تۆپەڵێكی چەوری دروست دەكات واتە دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەكان كە گەلێك جار خوێنبەر بە تەواوی دەگیرێت و چیتر خوێن بەناویدا لێشاو نابات، بەمەشەوە نۆرەیەكی نەخۆشیی دڵ یان جەڵتەیەكی مێشك روودەدات. رێژە باشەكەی ریشاڵی رووەكیش سیفەتێكی دیكەی پاراستنی دڵ بە خاس دەبەخشێت. لە ناو ریخۆڵە ئەستوورەدا، ریشاڵی خۆراكی لەگەڵ خوێیەكانی زەرداودا یەكدەگرێت و لەش لێیان رزگار دەبێت، ئەمەش فشار دەخاتە سەر لەش بۆ دروستكردنی بڕی زیاتری زەرداو، لەش بۆ دروستكردنی زەرداو پێویستی بە تێكشكاندنی كۆلیستیرۆلەوە هەیە، كەواتە دەرئەنجام ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا دادەبەزێت. رۆڵی فۆلیك ئەسید یان فۆلێت Folate هیچی كەمتر نییە لە رۆڵی ریشاڵی خۆراكی، فۆلیك ئەسید یان ترشی فۆلیك كە بە ڤیتامین B ناسراوە زۆر پێویستە بۆ گۆڕینی مادەی هۆمۆسیستین Homocysteine كە زیانبەخشە بۆ مادەیەكی بێ زیان، مادەی هۆمۆسیستین راستەوخۆ زیان بە خوێنبەرەكان دەگەیەنێت و ئەگەری نەخۆشیی دڵ و جەڵتە زیاد دەكات. خاس بە رێژە بەرزەكەی پۆتاسیۆمەوە سوودی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن.
Top