سووزەنەگ Gonorrhoeaنەخۆشییەكی بەكتریایی باوە، بە رێگای سێكسەوە دەگوازرێتەوە. پاش تووشبوون لە ماوەی 1- 10 رۆژدا نیشانەكان دەردەكەون كە بریتین لە: دەرداو لە زێ یان لە بۆڕی میز، سووتانەوە لەكاتی میزكردندا. زوو چارەسەركردن گەرەنتی تەواو دەدات بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزییەكان بەتایبەتی نەزۆكی. ئەگەر سووزەنەگ زوو چارەسەرنەكرێ لە ئافرەتدا دەبێتە هۆی: هەڵكشانی هەوكردن بۆ ملی منداڵدان، لوولەكانی فالوپ، هێلكەدانەكان و بەشەكانی تری خوارەوەی سك، بەم تەشەنەكردنەی هەوكردن دەووترێ نەخۆشيی هەوكردنی حەوز PID، ئەمەش نەخۆشییەكی سەختە و دەبێتە ئەگەری تا و ئازار لە خوارەوەی سكدا، نەخۆشيی هەوكردنی حەوز لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری داخستنی لوولەكانی فالوپ و كەمكردنەوەی ئەگەری دووگیانبوون، واتە ئافرەت تووشی نەزۆكی دەبێت كە چارەسەری زۆر زەحمەتە، یان هەتا ئەگەر دووگیانیش رووبدات، لەوانەیە كە لەناو خودی لوولەی فالوپ جێگیر بێت كە بەم حاڵەتەش دەووترێ دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancyكە گەشە ناكات وەكو دووگیانی ئاسایی، ئەو منداڵانەی كە لە دایكێكی تووشبوو بە سووزەنەگ لەدایك دەبن دوچاری هەوكردنی چاوەكان دەبن بە بەكتریای سووزەنەگ، هەندێك جاریش منداڵ بە ناكامی پێش تەواوكردنی 280 رۆژ لە دایك دەبێت. لە پیاویشدا ئاڵۆزییەكان بریتین لە: هەوكردنی بۆڕی میز، هەوكردنی پرۆستات، هەوكردنی بربخ، هەوكردنی شانەكانی گون Orchitis كە زۆر جار هۆكارە بۆ نەزۆكی.