لە یەكەم رۆژی لەدایكبوونتەوە، ئێسكەكانت بە كالسیۆم بینا دەبن تاكو بەهێز و پتەو بن، لە تەمەنی بیستەكاندا ئێسكەكان دەگەنە بەرزترین ئاستی بینا و پتەوی. كە لەش ئێسكی نوێ دروستدەكات، سەرەتا تۆڕێك لە ماددەی كۆلاجین دادەنێت، پاشان كریستالی ورد لە كالسیۆم لە خوێنەوە وەردەگرێت و بەسەر كۆلاجینەكەدا بڵاویدەكاتەوە و هەموو كەلێنەكان بە كالسیۆم پڕدەبن، بەمەوە كۆلاجین و كالسیۆم بەیەكەوە پتەوی و مرونەی Flexibility ئێسك پەیدادەكەن. ئێسكی بەهێز و پتەو پێویستی هەیە بە كالسیۆم، ڤیتامین D، لەگەڵ چالاكی بەدەنی. ئێسك كالسیۆم خەزن دەكات بۆ دابینركردنی بۆ خوێن و خانەكان لەكاتی پێویستدا. ئەگەر بڕی پێویستی كالسیۆمی لە خۆراكەوە دابین نەكرێت، ئەوا لەش كالسیۆم لە ئێسكەكانەوە وەردەگرێت، بەمەوە ئێسكەكان لاواز دەبن. كالسیۆم بە بێ ڤیتامین D فرمانی خۆی بە تەواوی ئەنجام نادات. ئەم ڤیتامینە یارمەتی ئێسك دەدات بۆ بەكارهێنانی ئەو كالسیۆمیەی كە لە خۆراكەوە وەردەگیرێت، دابینكردنی ڤیتامین D تەنیا لە خۆراكەوە ئاسان نییە، خۆدانە بەر تیشكی خۆر بەیانی یان ئێواران رێگایەكی ئاسان و مسۆگەرە بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانە، ئەگەرچی گەلێك خۆراك ئەم ڤیتامینەی تێدەكرێت وەكو شیر، شیرەی میوە، ماست، دانەوێڵە، ماسيی تونە و سالمۆنی قوتووبەند. مەشقی وەرزشی وەكو راكردن، پازدان، تۆپی سەبەتە، لێخوڕینی پایسكل وا لە ئێسكەكان دەكەن كە بە پێچەوانەی هێزی كێشكردنی زەوی كاربكەن، ئەمەش ئێسك و ماسوولكە بەهێزدەكات.