گرنگيی سۆنار بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی

گرنگيی سۆنار بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی
دەزگای سۆنار Ultrasound بە هۆی شەپۆلی دەنگ كە فریكوانسی بەرزی هەیە وێنەی ئەندام و كۆئەندامەكانی لەش بە شێوازێكی تایبەت بە كۆمپیوتەر پیشان دەدات. بە پێچەوانەی تیشكی ئێكس، هیچ تیشكێكی ئایۆنی لە دەزگای سۆنارەوە دەرناچێت. سۆنار بۆ هەر كەسێك شیاوە هەتا ئەگەر نەخۆشییەكی سەختیشی هەبێت، هەروەها بۆ ئافرەتی دووگیانیش بێ زیانە هەتا ئەگەر بۆ زیاتر لە یەك جار ئەنجام بدرێت. سۆنار رۆڵێكی گرنگی هەیە لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكاندا بەتایبەتی گرێیەكان لە زۆربەی بەشەكانی لەشدا وەكو گرێی مەمك. هەروەها رۆڵی گەورەی هەیە لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس وەكو ئاوسان و گرێیەكان و بەردی زراو. لە كۆئەندامی زاوزێ و میزەڕۆشدا، سۆنار زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی بەردی گورچیلە و حالب و میزڵدان لەگەڵ ئاوسانی گورچیلەكان و ئاوسانی پرۆستات لە پیاودا. لە ئافرەتاندا سۆنار پشتی پێدەبەسترێ لە دەستنیشانكردنی گرێ و كیس لە هێلكەداندا، لەگەڵ دەستنیشانكردنی دووگیانی لە كاتێكی زوودا، پۆزیشن و حاڵەتی وێڵاش و منداڵدان كۆرپە و سەقەتيی جەستەیی، رەگەزی كۆرپە، لێدانەكانی دڵی كۆرپە، قەبارەی كۆرپە. بۆ دڵ و بۆرییەكانی خوێنیش سۆناری دۆپلەر Doppler ultrasound رۆڵی زۆری هەیە لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكاندا. سۆنار رێگایەكی سەلامەت و بێ ئازارە بۆ دەستنیشانكردن.
Top