هەوكردنی میزڵدان لە ئافرەتان زیاترە

هەوكردنی میزڵدان لە ئافرەتان زیاترە
هەوكردنی میزڵدان Cystitis حاڵەتێكی زۆر باوە بەتایبەتی لە ئافرەتدا لەبەر سروشتی توێكاری كۆئەندامی میزەڕۆ، هەروەها لەكاتی دووگیانی و كەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لەپاش وەستانی یەكجارەكی عادە Menopause. لە كەسێكی ئاسایی و تەندروستدا، میزڵدان هیچ جۆرە میكرۆبێكی تێدا نییە، كە میكرۆب لە رێگای خوێن یان لە رێگای كونی میزەوە دەگاتە میزڵدان ئەوا هەوكردن پەیدا دەكات. هەوكردنی میزڵدان ئەگەر بەبێ چارەسەركردن جێبهێڵرێت لەوانەیە كە بۆ گورچیلەكان هەڵبكشێت و شانەكانی دوچاری هەوكردن Pyelonephritis بكات، ئەمەش زیاتر لە منداڵ و بەساڵاچوواندا روودەدات. هەوكردنی میزڵدان لە ئافرەتی دووگیاندا ئەگەری منداڵبوونی ناكام یان پێش وەخت زیاد دەكات. نیشانەكانی هەوكردنی میزڵدان ئەمانەن: زوو میزكردن و تەنگاوبوون بۆ میزكردن، سووتانەوە یان ئازار لەكاتی میزكردندا، ڵێڵبوونی میز. هەوكردنی میزڵدان سەرەتا بە بەكارهێنانی دەرمان بە چاودێری دكتۆر چارەسەر دەكرێت، لەگەڵ پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێكی تر وەكو دووركەوتنەوە لە جلی ژێرەوەی تەسك، شووشتنی جلەكانی ژێرەوە بە پاككەرەوەی سووك، دوانەخستنی میزكردن، زیاد خواردنەوەی ئاو.
Top