ماسوولكەكان توانای خەزنكردنی 300- 600 گرام گلایكۆجینیان هەیە، هەروەها جگەر 80- 110 گرام. لەكاتی ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی و سەرفنەكردنی وزەی یەدەكی ماسوولكە، ئەوا تەنیا وزەی یەدەكی جگەر (واتە 80- 110 گرام كلایكۆجین) بەس دەبێت بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانە لە كاربۆهیدرات لەگەڵ خواردنی هەندێك سەوزە و میوە، لەو كاتەی كە گلایكۆجین Glycogen كاربۆهیدراتی چڕكراوەیە. هەتا لەگەڵ كەميی جووڵانەوەشدا هێشتا لەش توانای سووتاندنی چەوری هەیە لەو كاتەی كە شەكری گلوكۆز سووتەمەنی سەرەكییە بۆ مێشك و كۆئەندامی دەمار، ترشە چەورییەكانیش سووتەمەنی سەرەكین بۆ بەشەكانی تری لەش لەكاتی پشووداندا، بۆیە لەكاتی كەمكردنەوەی وزەی وەرگیراو لە خۆراكی رۆژانەدا لەش هەندێك ترشە چەوری لە بەز یان چەوريی لەشەوە بۆ وزە بەكاردەهێنێت. ئەگەر لەشت رۆژانە 2300 كالۆری وزە بەكاربێنێت، بەڵام تۆ تەنیا 2000 كالۆری لە خۆراكەوە وەربگریت بە گۆڕینی جۆر و بڕی خۆراك، ئەوا لەشت هەندێك چەوری دەسووتێنێت هەتا ئەگەر هیچ جۆرێكی مەشقی وەرزشی ئەنجام نەدەیت، بەڵام نابێ ئەمەش لەبیر بكرێت كە هەتا یەك خولەك جووڵانەوە باشترە لە نەجوولانەوە.