ئەستووربوونی قاچەكان

ئەستووربوونی قاچەكان
ئەستووربوون یان ئاوسانی گۆزینگ و پێیەكان Peripheral Edema واتە كۆبوونەوەی شلە لە قاچەكاندا، ئەمەش گرفتێكی باوە لە نێو بەساڵاچووەكاندا. لەوانەیە ئەستووربوون هەردوو قاچەكان بگرێتەوە لەگەڵ بەلەك تا دەگاتە رانەكانیش. لەبەر كاریگەری هێزی كێشكردنی زەوی ئاوسان زیاتر لەم شوێنانەدا روودەدات. گرنگترین هۆكارەكانی ئەستووربوونی قاچەكان بریتین لە: وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، دانیشتن لەناو ئۆتۆمبیل یان فرۆكە بۆ ماوەیەكی زۆر، لەكاتی دووگیانیدا كە لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ ژاراویبوونی دووگیانی، كێشی زیاد و قەڵەوی، پیربوون، بەدخۆراكی و رێژیمی هەڵە، سووتان و خۆربردن، پێوەدانی مێروو، دەوالی قاچەكان، هەوكردن، نەشتەرگەری بۆ پێ یان بەلەك، زەبر، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. لەوانەشە كە ئاوسانی قاچەكان نیشانەیەك بێت بۆ پەككەوتنی دڵ، پەككەوتنی گورچیلەكان، پەككەوتنی جگەر Liver failure. چارەسەركردن لە ماڵەوە بریتییە لە: بەرزكردنەوەی قاچەكان لەكاتی پاڵكەوتندا بەرزتر لە ئاستی دڵ، وەرزشكردن بە قاچەكان بۆ هاندانی سووڕی خوێن بۆ كەمكردنەوەی ئاوسان، لەبەركردنی گۆرەوی تایبەت بەم مەبەستە، كەمكردنەوەی خوێ لە خۆراكدا. هەر ئەستووربوونێكی قاچەكان ئەگەر چەند نیشانانەیەكی وەكو سینگ ئێشە، كەمبوونەوەی میز، تا، یان هەناسەتەنگی لەگەڵدابوو، دەبێ تووشبوو بە زووترین كات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
Top