ئایا تاگەشكە مەترسی هەیە؟

ئایا تاگەشكە مەترسی هەیە؟
تاگەشكە Febrile seizure واتە پەركەم لە منداڵی هەراشدا لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، ئەگەرچی هەرگیز جێگای مەترسی نییە و مانای نەخۆشییەك یان حاڵەتێكی هەنووكەیی یان لە دواڕۆژدا ناگەیەنێت، بەڵام جێگای نیگەرانیی زۆرە بۆ دایك و باوك. تاگەشكە تاكە كاردانەوەی مێشكە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش لە منداڵدا و زیاتر لە ماوەی 24 كاتژمێری پاش بەرزبوونەوەیەكی كتوپڕی پلەی گەرمیی لەشدا روودەدات. ئەو منداڵەی كە دوچاری تاگەشكە دەبێت، لەوانەیە كە پلەی گەرمیی لەشی گەیشتبێتە 38 پلەی سەدی، پاشان لەهۆش خۆی بچێت و باسك و قاچەكانی لەناكاو بجووڵێنێت و چاوەكانی بۆ سەرەوە بسووڕێنێت. تاگەشكە 2 جۆری هەیە: یەكەم، تاگەشكەی سادەSimple كە جۆرە باوەكەیە، گەشكە بۆ ماوەی چەند چركەیەك تا 15 خولەك بەردەوام دەبێت، هەموو لەش دەگرێتەوە، هەروەها لە ماوەی 24 كاتژمێردا هەرگیز دووبارە نابێتەوە. دووەم، تاگەشكەی ئاڵۆزComplex كە بۆ ماوەی زیاتر لە 15خولەك بەردەوام دەبێت، لە ماوەی 24 كاتژمێردا پتر لە یەك جار سەرهەڵدەداتەوە و یەك لای لەش دەگرێتەوە. هۆكاری تاگەشكە دەگەڕێتەوە بۆ هەوكردنی ڤایرۆسی و بەكتریایی كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، گەلێك جاریش پاش كوتان بەتایبەتی پاش ڤاكسین دژی وەناق و گزار و كۆكەڕەشە DPT یان ڤاكسین دژی سوورێژە و سوورێژەی ئەلمانی و گوێرەپە MMR منداڵ لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی پەیوەست بە كوتان دوچاری تاگەشكە دەبێت. نابێ لەكاتی تاگەشكەدا هیچ دەرمانێك بە رێگای دەم بدرێتە منداڵ لەبەر ئەگەری خنكان، بەڵو واباشترە كە لەناو جێگادا بمێنێتەوە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری تاگەشكەكان تەنیا لە ماوەی 2 خولەكدا لەخۆیانەوە دەوەستن، بەڵام ئەگەر تاگەشكە بۆ ماوەی پتر لە 10 خولەك بەردەوام بێت، ئەوا پێویست بە سەردانی نەخۆشخانە دەكات.
Top