نۆرەی دڵ چییە؟

نۆرەی دڵ چییە؟
تەسكبوونەوەی خوێنبەرێكی دڵ یان پتر دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بە ماسوولكەی دڵ Ischemia، بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ Heart attack واتە مردنی بەشێكی ماسوولكەی دڵ M.I. زۆربەی حاڵەتەكانی نۆرەی دڵ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبن. لە هەندێك حاڵەتدا نۆرەی دڵ بێ نیشانەیە، بەڵام بەگشتی جۆرێك ئازاری سینگ بەدی دەكرێت، نیشانەكانی تری پەیوەست بە نۆری دڵ بریتین لە: قوڕسبوونی هەناسە، سەرسووڕان و هەستكردن بە لەخۆچوون، هێڵنج. نزیكەی 25% ی حاڵەتەكانی نۆرەی دڵ بەبێ هیچ نیشانەیەكی ئەلارم روودەدەن، واتە سینگەدڕەی هێمن Sient ischemia كە تەنیا بە نەخشەی كارەبایی دڵ ECG دەستنیشان دەكرێت، ئەمەش زیاتر لە نەخۆشانی شەكرەدا بەدی دەكرێت. چاكبوونەوە پاش نۆرەیەكی دڵ حاڵەتێكی ناسكە، چونكە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسوولكەی دڵ، بەڵام بەگشتی تووشبوو لە ماوەی 3 مانگدا دەتوانێت كە ژیانێكی ئاسایی بەسەرببات. بە گوێرەی توندی نۆرەی دڵ و رووبەری ماسوولكەی مردووی دڵ و كاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لەوانەیە كە نۆری دڵ ئەم ئاكامانەی لێبكەوێتەوە: پەككەوتنی دڵ واتە دڵ توانای پەمپكردنی خوێنی بە باشی نامێنێت كە پێویستی هەموو بەشەكانی لەش پڕبكاتەوە، ناڕێكی لێدانەكانی دڵ Arrhythmias، وەستانی دڵ Cardiac arrest یان مردنی كتوپڕی دڵ Sudden cardiac death واتە چیتر دڵ لێنادات، هێدمەی دڵ Cardiogenic shock واتە دڵ هێندە زیانی پێگەییشتووە كە نەخۆشیی تووشی هێدەم یان شۆك دەبێتەوە.
Top