بە پێچەوانەی بۆچوونی كۆن خواردنی باینجان نابێتە هۆی تووڕەبوون یان هەڵچوون، بەڵام لە هەندێك كەسدا خواردنی باینجان بە هەر شێوەیەك ئامادەكرابێت دەبێتە ئەگەری جۆرێك هەستەوەری بە شێوەی خورشتی پێست كە بە گشتی حاڵەتێكی سادەیە. باینجان Eggplant جگە لە چەندین ڤیتامین و كانزا، پێكهاتەی گرنگ لەخۆدەگرێت كە رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە كۆمەڵێك نەخۆشی، بۆ نموونە مادەی ناسونین Nasunin كە فرمانی خانەكانی مێشك باشتر دەكات. دژەئۆكسانەكانی باینجان كە لە گروپی فینۆلیكەكانن Phenolics، چاڵاكیان هەیە دژی شێرپەنجە و دژی میكرۆب بەتایبەتی ڤایرۆسەكان لەگەڵ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا. پێكهاتەكانی 100 گرام باینجان بریتین لە: وزە 25 كالۆری، پرۆتین 1 گرام، كاربۆهیدرات 6 گرام، شەكر 3.5 گرام، ریشاڵ 3 گرام، چەوری ناتێر 0.5 گرام، سۆدیۆم 2 ملگم، پۆتاسیۆم 229 ملگم، لەگەڵ ڤیتامین C بە رێژەی 3% ی پێویستی رۆژانە، ڤیتامین B6 بە رێژەی 5% ی پێویستی رۆژانە، مەگنسیۆم بە رێژەی 3% ی پێویستی رۆژانە. سوودێكی دیكەی باینجان ئەوەیە كە لەش لە كۆبوونەوەی بڕی زیادی رێژەی ئاسن رزگار دەكات.