لە لایەك كاربۆهیدرات سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ دابینكردنی وزە، لەش كاربۆهیدرات تێكدەشكێنێت بۆ شەكر ئینجا بەكاریدەهێنێت وەكو سەرچاوەیەكی راستەوخۆی وزە یان بۆ پاشان خەزنی دەكات بە شێوەی گلایكۆجن لە ماسوولكە و جگەردا، لە لایەكی تردا فرمانی خانەكانی مێشك پشت شەكری گلوكۆز دەبەستن. لەكاتی كەم وەرگرتن یان وەرنەگرتنی هیچ كاربۆهیدرات، لەش چەوری بۆ دابینكردنی وزە بەكاردێنێت، ئەمەش ئەو بنچینە سەرەكییەیە كە ریجیمی دكتۆر ئەتكین Atkins diet پشتی پێدەبەستێت. هەموو كاربۆهیدراتەكان لە لەشدا تێكدەشكێن یان دەگۆڕێن بۆ شەكر، بەڵام كاربۆهیدراتە سافنەكراوەكان و دانەوێڵەی تەواو كە بە كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان ناسراون رێژەیەكی بەرزتر لە ریشاڵ و ڤیتامین و كانزا لەخۆدەگرن بە بەراورد لەگەڵ كاربۆهیدراتە سافكراوەكان یان سادەكان. كەواتە كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان جۆری باشن Good carbs و كاربۆهیدراتە سادەكان جۆری خراپن Bad carbs. كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان وەكو دانەوێڵەی تەواو رێژەیەكی بەرزی ریشاڵیان تێدایە بۆیە كاتێكی زۆریان پێویستە بۆ هەرسكردن و تێكشكان و گۆڕان بۆ شەكر، بەمەشەوە هەرگیز ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەزرنابێتەوە. واباشترە كە خواردنی بڕی زیادی كاربۆهیدرات بخەیتە سەرەتای رۆژت كە لەش وەكو وزە بەكاری دەهێنێت، ئەمەش خراپە كە خواردنی بڕی زیادی كاربۆهیدرات بخەیتە درەنگانی شەو كە لەش زیاتر دیگۆڕێت بۆ چەوری و خەزنی دەكات.