خۆراك و ئاستی شەكری خوێن

خۆراك و ئاستی شەكری خوێن
خواردن ئاستی شەكری خوێن (گلوكۆز Glucose) بەرزدەكاتەوە، بەڵام تا چ رادەیەك، ئەمە پەیوەستە بە جۆری خۆراك بەتایبەتی رێژەی كاربۆهیدرات. كاتی هەرسكردن و بەتاڵبوونەوەی گەدە بە پێی جۆری كاربۆهیدرات دەگۆڕێت. ماوەی بەتاڵبوونەوەی گەدە هەر جارێك بە جیاواز كاریگەری هەیە لەسەر ئاستی شەكر لە خوێندا. بڕی خواردنیش رۆڵێكی گەورەی هەیە لەسەر ئاستی شەكری خوێندا، بۆ نموونە بڕی زیادی خۆراك كە رێژەی بەرزی كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، لە لایەكی ترەوە بڕی كەمی خۆراك كە رێژەیەكی نزمی كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن. لە لایەكی دیكە، بڕ و جۆری خۆراك كاریگەری دەكاتە سەر رێژەی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین لە پەنكریاسدا، توانای ئینسولین بۆ دابەزاندنی شەكری خوێن رۆڵی كلیل دەگێڕێت، بۆیە بڕ و جۆری خۆراك بە هەنگاوی سەرەكی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی شەكرە دادەنرێت. پێویستە ئەمەش لەبیر نەكرێت كە هەتا پارێزی خۆراك بۆ هەموو نەخۆشانی شەكرە بە تەواوی وەك یەك نییە، چونكە بە پێی ستایلی ژیان و حەزە خۆراكییە كەسییەكان رێكدەخرێت، بەڵام بەگشتی بۆ هێشتنەوەی شەكری خوێن لە ئاستێكی جێگیر و نزمدا ئەم خۆراكانەی خوارەوە رێنمایی دەكرێن: كاربۆهیدرات زیاتر لە سەوزە و میوە و پاقلەمەنی و دانەوێڵەی تەواو وەربگیرێت، شیری كەم چەوری یان بێ چەوری، خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ، چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان بە كەمترین رێژە لە خۆراكی رۆژانەدا بێت، بڕی كۆلیستیرۆل لە خۆراكی رۆژانەدا كەمتر بێت لە 200 ملگم، هەفتانە بەلای كەم 2 جار ماسی بخورێت.
Top