هەستەوەری بە دوكەڵی جگەرە

هەستەوەری بە دوكەڵی جگەرە
دوكەڵی جگەرە زێتر لە 4 هەزار ماددەی كیمیایی تێدایە كە 80 ماددەی گومانی ئەوەیان لێدەكرێت ببنە ئەگەری شێرپەنجە، ماددەكانی تریش بەدەر نین لە زیان. كاردانەوەی لەش بەرانبەر بە دوكەڵی جگەرە وەكو كاردانەوەی پەیوەست بە هەستەوەری بەرانبەر بە ماددەی تر وایە. هەستەوەری بە دوكەڵی جگەرە Smoke allergy لە راستیدا كاردانەوەیەكی لەشە بە شێوەی پژمین، كۆكە، سووتانەوەی چاوەكان و زیاد فرمێسككردن، زیادبوونی دەردراوی لووت، لووت گیران، هەناسەتەنگی، سەرئێشە. گەلێك كەس پاش هەڵمژینی دوكەڵی جگەرە بە ماوەیەكی كورت نیشانەكانیان سەرهەڵدەدەن و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبن. جگە لەم نیشانانە، تووشبوو كە رۆژانە رووبەڕووی دوكەڵی جگەرە ببێتەوە ئەوا لەوانەیە كە دوچاری هەوكردنی بەردەوامی رێڕەوەكانی هەناسە بێتەوە بەتایبەتی هەوكردنی جیوبی لووت و بۆڕی هەناسە لەگەڵ ویزەی سینگ و رەبو. ئەوانەی كە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە هەستەوەری بە دوكەڵی جگەرە لێدەكرێت ئەمانەن: منداڵ، بەساڵاچووان، ئەوانەی كە رابردووی تووشبوونیان هەیە بە هەستەوەری وەكو رەبو یان ئەكزیما، رووبەڕووبوونەوە بە رێژەیەكی زۆری دوكەڵی جگەرە بۆ ماوەیەكی زۆر. هەندێك جار كەسانی تووشبوو بە هەستەوەری دوكەڵی جگەرە دوچاری نیشانەكانی هەستەوەری دەبن بە شتی تری وەكو بۆن و گۆڕانی كەش و پلەی گەرمی.
Top