خراپترین شلەمەنی بۆ ددان

خراپترین شلەمەنی بۆ ددان
ئەو شتانەی كە پێویستن بۆ روودانی كلۆربوونی ددان Tooth decay بریتین لە: شەكر، ترش، بەكتریای ناو دەم، كات. تا ئاستی شەكر و ترشێتی Acidity زیاتر بێت، هەروەها تا ژمارەی بەكتریای ناو دەم لەبەر كەمی پاكوخاوێنی دەم و ددان زیاتر بێت و كاتی زیاتر بەسەردا تێپەڕێت، هێندە ئەگەری كلۆربوونی ددان زیاتر دەبێت. بەكتریای ستریپتۆكۆكەس میوتانس Strep. mutans بە شێوەیەكی سروشتی لەناو دەمدا هەیە، خۆراك بەتایبەتی كاربۆهیدرات و بەتایبەتیش نیشاستە لەناو دەمدا تێكدەشكێت بۆ شەكر، هەروەها ترش لە نوشابە گازدارەكان و ترشی سیتریك (ترشی لیمۆ) دەگاتە ناو دەم. بەكتریای ناو دەم شەكر بەكاردێنێت و ترشی لاكتیك دەردەداتە ناو دەم، ترشی لاكتیك Lactic acid لە چینی مینای دداندا كریستالەكانی فۆسفاتی كالسیۆم هەڵدەكەنێت، بەمەشەوە چاڵی بچووك لەسەر دداندا پەیدا دەكات كە لەوانەیە پڕببنەوە یانیش قووڵتر بن و ددان دوچاری كلۆربوون بكەن. خراپترینی شلەمەنییەكان بریتین لە: شیرەی پرتەقالی دەستكرد كە لە پەرداخێكدا ترشێتی 3.8 و شەكر 28 گرام هەیە، پەرداخێك شیرەی لیمۆی دەستكرد ترشێتی 2.6 و شەكر 29.3 گرام، قوتووێكی 250 میللیلیتری رێد بوڵ ترشێتی 3.3 و شەكر 30 گرام، پەرداخێك سپرایت ترشێتی 3.4 و شەكر 29.2 گرام، یەك پەرداخ ماونتێین دیو ترشێتی 3.3 و شەكر 35 گرام، پەرداخێك بیبسی ترشێتی 2.5 و شەكر 32 گرام، پەرداخێك كۆكا كۆلا ترشێتی 2.4 و شەكر 29.3 گرام، پەرداخێك سۆدای پرتەقال ترشێتی 2.9 و شەكر 38 گرام، بیبسی دایێت ترشێتی 3.0 و شەكر سفر گرام لەخۆدەگرێت.
Top