دەوالی قاچەكان Varicose Veins واتە فراوانبوون و بەرجەستەبوونی خوێنهێنەرەكانی قاچ لەبەر زیادبوونی فشار لەناویاندا. بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە دەوالی قاچەكان پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە شێوەیەكی رێك و بەردەوام، ئەمە نەك تەنیا سووڕی خوێن لە قاچەكان باشتر دەكات، بەڵكو یارمەتی كۆنترۆلكردنی كێش دەدات یان لەش لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی دەپارێزێت كە ئەگەری دەوالی قاچەكان زیاتر دەكەن. دووركەوتنەوە لە راگرتنی قاچەكان لە پۆزیشنێكی دیاریكراو بۆ ماوەكی زۆر، بۆ نموونە دانیشتن یان چەماندنەوەی قاچەكان یان وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، هەوڵ بدە كە ناوە ناوە قاچەكانت بەرزكەیتەوە، ئەمەش بۆ رێگرتن لە پەنگانەوەی خوێن و كەمكردنەوەی پەستان لەسەر خوێنهێنەرەكانی قاچدا. رێگایەكی تر بۆ كەمكردنەوەی پەنگانەوەی خوێن لەناو خوێنهێنەرەكانی قاچدا بریتییە لە لەبەركردنی گۆرەوی تایبەت Compression stockings كە فشار دەخاتە سەر شانەكان و خوێنهێنەرەكانی قاچ.