ئێسكی ئاسایی پێكهاتووە لە پرۆتین، كۆلاجین، كالسیۆم كە بەیەكەوە پتەوی و رەقی ئێسك دەپارێزن. چڕی ئێسك بەشێوەیەكی سروشتی لەپاش تەمەنی 35 ساڵی بەرە بەرە كەم دەبێتەوە، ئینجا لە ئافرەتدا پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادە كردارەكە خێراتر دەبێت. پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis یان تەنكبوونی ئێسك نەخۆشییەكی هێمن و شاراوەیە، بریتییە لە كەمبوونەوەی چڕی ئێسك كە دەبێتە هۆی لاوازبوون و زوو شكانی ئێسك بە زەبرێكی سادەشەوە. تەنكبوونی ئێسك لەوانەیە كە دوچاری هەر كەسێك بێت، بەڵام زیاتر لە ئافرەتدا بەدی دەكرێت. نزیكەی نیوەی ئافرەتان و چواریەكی پیاوان لەپاش تەمەنی 50 ساڵی تووشی دەبن. تووشبوو هیچ نیشانەیەكی نابێت تەنیا لەكاتی شكانی ئێسكدا نەبێت كە هۆكارەكی بۆ تەنكبوونی ئێسك بگەڕێتەوە. پشكنینی چڕی كانزای ئێسك Bone mineral density باشترین رێگایە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی ئێسك و دەستنیشانكردنی تەنكبوونی ئێسك، ئەگەرچی پشكنینی تریش لەبەردەستدان بۆ ئەم مەبەستە. ئەو هۆكارانەی ئەگەری پووكانەوەی ئێسك زیاتر دەكەن بریتین لە: مەیلی زگماكی و خێزانی بۆ نەخۆشییەكە، كەمیی مەشقی وەرزشی، كەمی كالسیۆم و ڤیتامین D، جگەرەكێشان، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، مێژووی تووشبوون بە هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان، بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، كەسانی باڵا كورت و لاواز. ئەگەرچی شكان لەبەر پووكانەوەی ئێسك لەوانەیە كە لە هەر شوێنێكی لەشدا رووبدات، بەڵام شكانەكان زیاتر لە بڕبڕەكانی پشت، نێك، پەراسوو، مەچەك روودەدەن.