ماسی جگە لەوەی كە بایەخێكی تەندروستی زۆری هەیە بەوەی كە سەرچاوەیەكی باشە بۆ ترشە چەوری ئۆمیگا 3، سەرچاوەیەكی زۆر گرنگیشە بۆ پرۆتین. ماسی بە گرنگترین خۆراكی دەریایی لە قەڵەم دەدرێت، چەوريی ماسی رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشيی دڵ و جەڵتە و لاواز و كزبوونی هزر. رێژە بەرزەكەی كانزای سیلینیۆم و یۆد و ڤیتامین E كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە، بەهای تەندروستی زۆریان هەیە، بۆیە واباشە كە هەفتانە بەلای كەم دوو جار ماسی بخۆیت. ماسيی رووبار یان ماسيی دەریا خۆراكێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشيی درێژخایەنیان هەیە وەكو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشيی شەكرە، نەخۆشيی دڵ، هەروەها كۆلیستیرۆلی بەرزی خوێن. وەكو سەرچاوەی پرۆتین، ماسی و گۆشت لە سەوزە باشترن بەتایبەتی ماسی كە هەموو ترشە ئەمینییە گرنگەكان لەخۆدەگرێت لەگەڵ رێژەیەكی كەميی چەوری كە تەندروستییانەتر و كەمترە لە رێژەی چەوری گۆشتی سوور و پەلەوڕ. باشترین جۆری ماسی سپی كە رێژەی بەرزی پرۆتین لەخۆدەگرن ئەمانەن: هادۆك Haddok، مولێت Mullet، سۆل Sole، مۆنك فیش Monkfish، لۆبستەر Lobster، تونە Tuna، تراوت Trout، سالمۆن، ساردین.