ئایا قووتدانی بنێشت زیانی هەیە؟

ئایا قووتدانی بنێشت زیانی هەیە؟
ئەگەرچی بنێشت بۆ جووین سازكراوە نەك قووتدان، بەڵام نزیكەی هەموو كەس جارێك لە جارەكان لەكاتی جووینی بنێشتدا پارچەیەكی قووت داوە، بەڵام زۆر بە دەگمەن بۆتە ئەگەری گرفتێكی تەندروستی. بنێشتی جووین Chewing gum پێكهاتووە لە ماددەی بنەڕەتی بنێشت، ماددەی پاراستنی خۆراك Preservatives، رەنگ و چێژی دەستكرد Flavorings، ماددەیەكی شیرینكار Sweetener بۆ نموونە سۆربیتۆل Sorbitol. لەش توانای هەرسكردنی ماددەی بنەڕەتی بنێشتی نییە، پاش قووتدان بە ماوەیەك بنێشت هەرگیز لە گەدە جێگیر نابێت بەڵكو لە گەدەوە رەت دەبێت بۆ ناو ریخۆڵە و لەگەڵ پیساییدا فڕێ دەدرێت. لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا، قووتدانی بڕێكی زۆری بنێشت لەوانەیە ببێتە هۆی قەبزی یان گیرانی رێڕەوی هەرس بەتایبەتی لە منداڵدا كە نیشانەكانی بریتین لە: ئاوسانی سك، سك ئێشە، رشانەوە. پێكهاتەكانی دیكەی بنێشت بە جووین هەڵدەمژرێن، بۆیە زیاد جووینی بنێشتی شەكری Sugary gum كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرێت كالۆری زیاد دەداتە لەش و ئەگەری كلۆربوونی ددان زیاد دەكات بەتایبەتی لە منداڵدا.
Top