كام كانزا و ڤیتامین گرنگن لەكاتی دووگیانیدا؟

كام كانزا و ڤیتامین گرنگن لەكاتی دووگیانیدا؟
خۆراكی هاوسەنگ لەكاتی دووگیانیدا زۆر گرنگە بۆ دابینكردنی ماددە خۆراكییەكان كە پێویستن بۆ گەشەی كۆرپە و تەندروستیی دایك. جۆراوجۆركردنی خۆراك گرنگی زۆری هەیە، بەڵام پێویستە كە گرنگییەكی تایبەت بەم كانزا و ڤیتامینانە بدرێت: كالسیۆم، ڤیتامین B9، ئاسن، زینك، یۆد، ڤیتامین C. كۆرپە پێویستی بە بڕی زیادی كالسیۆم هەیە، بۆیە پێویستە كە ئافرەتی دووگیان رۆژانە بە لای كەم 2 جار ئەلبان بخوات بۆ نموونە ماست، شیر یان پەنیر. لەكاتی دووگیانیدا پێویستی بە ڤیتامین B9 یان فۆلێت Folate زیاتر دەبێت چونكە گرنگی هەیە بۆ گەشە و پەرەسەندنی خانە نوێیەكان لە لەشی كۆرپەدا، كەمی فۆلێت بەتایبەتی لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا ئەگەری سەقەتی زگماكی كۆرپە زیاد دەكات، سەرچاوە خۆراكییەكانی فۆلێت بریتین لە: پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان، هەندێك سەوزە و میوە. پێویستی رۆژانەی ئافرەت بە ئاسن لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەبێت لەبەر زیادبوونی قەبارەی خوێن لە دایك و پەرەسەندنی سیستمی خوێن لە كۆرپەدا، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن زۆر باوە لەكاتی دووگیانیدا، سەرچاوە خۆراكییەكانی ئاسن بریتین لە: گۆشتی سوور، جگەر، ماسی، مریشك، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان، دانەوێڵەی تەواو، سەوزە گەڵا تاریكەكان. ئافرەتی دووگیان پێویستی زۆری بە ڤیتامین C و كانزای زینك هەیە، هەروەها كانزای یۆد Iodine كە زۆر گرنگە بۆ پەرەسەندنی مێشكی كۆرپە، سەرچاوە خۆراكییەكانی یۆد بریتین لە: خوێی یۆددار، ماسی.
Top