نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا هۆكاری یەكەمی مردنە لە جیهاندا. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هۆكارێكی زەقە بۆ نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك و نەخۆشی لە خوێنبەرەكاندا، هەتا ئاستی بەرزی پەستانی خوێن زیاتر بێت هێندە ئەگەری ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبێت. هۆكارە ریسكەكانی دیكەی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەكان بریتین لە: قەڵەوی، جگەرەكێشان، خۆراكی ناتەندروستییانە، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، رەگەزی نێر، كەمی جوولە و مەشقی وەرزشی، نەخۆشیی شەكرە، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل، ئاستی بەرزی چەوری گلیسریدە سییانەكان، نەخۆشیی گورچیلە كە فرمانەكەی تێكبدات، مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون بەتایبەتی تووشبوونی باوك یان برای گەورە بە نەخۆشیی دڵ بەر لە تەمەنی 55 ساڵی یان تووشبوونی دایك یان خوشكی گەورە بە نەخۆشیی دڵ بەر لە تەمەنی 65 ساڵی، وەستانی یەكجارەكی عادە Menopause بەر لە تەمەنی 45 ساڵی، بەساڵاچوون. نەخۆشیی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەیەكەوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەكان بە توندی زیاد دەكەن.