ژەمی گونجاوی نیاسین Niacin كە ناسراوە بە ڤیتامین B3 بۆ باشتركردنی پرۆفایلی كۆلیستیرۆل لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازی هەیە، گەلێك جار بە پێی ئاستی كۆلیستیرۆل ژەمەكە رێكدەخرێت، واتە ژەمێكی ستانداردی ڤیتامین B3 نییە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل. بەهەرحاڵ، پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین B3 بریتییە لە تەنیا 20 ملگم بە پێی رێنماییەكانی ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی FDA، بەڵام بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیسیترۆل ژەمی 1500- 3000 ملگم لە رۆژێكدا پێویست دەكات. زیانە لابەلاكانی ژەمی گەورەی زیاتر لە 1000 ملگم ڤیتامین B3 لە رۆژێكدا بریتین لە: ناڕحەتی گەدە، سك ئێشە، هێڵنج، رشانەوە، سكچوون، سەرئێشە، سەرسووڕان، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، سووربوونەوەی دەموچاو، خورشت، هەروەها ژەمی گەورەتر بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە ئەگەری ژاراویبوونی جگەر و تێكچوونی فرمانەكانی. ئەگەرچی لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەكرێ بە ڤیتامین B3 ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL تا رێژەی 15- 35% بەرزبكرێتەوە، بەڵام دیسان هەرگیز نابێت كە بە بێ رێنمایی دكتۆر ڤیتامین B3 بۆ ئەم مەبەستە بەكاربهێنرێت.