چۆن ئارەزووی خواردنت كەم دەكەیتەوە؟

چۆن ئارەزووی خواردنت كەم دەكەیتەوە؟
كۆنترۆلكردنی كێشی لەش بایەخێكی زۆری هەیە، یەكێك لە رێگا سروشتییەكان بریتییە لە كۆنترۆلكردنی یان كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن Appetite، بۆ نموونە رۆژانە 8 پەرداخ ئاوی سارد بخۆرەوە بەم شێوەیە: پەرداخێك راستەوخۆ پێش هەر ژەمێكی خواردن، پاش لەخەوهەڵسان، پێش نووستن، لە بەینی ژەمە سەرەكییەكانی خواردندا. ئاو جگە لە پاراستنی لەش لە وشكبوونەوە، هەستی برسیبوونیش كەم دەكاتەوە. ئەو خۆراكانە هەڵبژێرە كە رێژەیەكی بەرزی ریشاڵیان تێدایە بەتایبەتی ریشاڵی تواوە وەكو سێو، برۆكۆلی، دانەوێڵەی تەواو، پاقلەی سۆیا، تۆوەكان. ریشاڵ لەناو گەدەدا ئاو هەڵدەمژێت و قەبارەی گەورە دەبێت، بەمەشەوە جێگایەكی زۆر لە گەدە دەگرێت و هەستی تێربوون خێراتر دەكات. بیبەری تیژ یان ساسی بیبەر بخەرە سەر سفرەكەت، چونكە ماددەی كاپسیكەم Capsicum رۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردندا. قاپ و قاچاغی بچووك بۆ خواردن بەكاربێنە بە مەبەستی كەمكردنەوەی تێكڕای وزە بەتایبەتیش كاربۆهیدرات و چەوری. كاتی تەواو بۆ ژەمەكانی خۆراك تەرخان بكە و لەسەرخۆ بخۆ، بەم جۆرە زووتر یان بە قەبارەیەكی كەمتری خۆراك هەست بە تێربوون دەكەیت بە پێچەوانەی خواردن بە خێرایی، چونكە كات لەبەر دەستدا دەبێت بۆ گەدە تاكو نامەی پربوون یان تێربوون بۆ مێشك بنێرێت.
Top