مێكوتە مەترسیدار نییە

مێكوتە مەترسیدار نییە
مێكوتە Chickepox یان ڤاریسێللا Varicella هەوكردنێكی ڤایرۆسییە كە دەبێتە هۆی بڵۆقی سوور لەسەر پێستدا لەگەڵ خورشت. مێكوتە زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە لە رابردوودا تووشی نەخۆشییەكە نەبوون یان دژی نەخۆشییەكە نەكوتراون. نەخۆشی مێكوتە بەگشتی بۆ ماوەی 7-10 رۆژ بەردەوام دەبێت. جگە لە بڵۆقی پێست، نیشانەكانی تری مێكوتە كە 1-2 رۆژ بەر لە دەركەوتنی بڵۆقەكان سەرهەڵدەدەن بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سەرئێشە، هەستكردن بە بێهێزی و هیلاكی لەش. پاش تووشبوون بە ڤایرۆسی مێكوتە، تووشبوو نەخۆشییەكە پێش دەركەوتنی بڵۆقەكانی پێست بە 48 كاتژمێر بۆ كەسانی تر دەگوازێتەوە تا ئەو كاتەی كە بڵۆقەكان قەتماخ دەگرن و چاكدەبنەوە. مێكوتە بەگشتی نەخۆشییەكی سووكە، بەڵام لە هەندێك كەسدا ئاڵۆزی پەیدا دەكات بە شێوەی هەوكردنی بەكتریایی پێست و شانە نەرمەكان و ئێسك و جومگە یان هەوكردنی شانەی سییەكان. مێكوتە لە منداڵێكی لەشساغ كە نەخۆشی دیكەی نەبێت، پێویست بەهیچ چارەسەرێك ناكات و مێكوتە كۆرسی خۆی بە بێ گرفت تەواو دەكات. بۆ هەندێك كەس دەرمانی دژەهیستامین بۆ كەمكردنەوەی خورشت تەرخان دەكرێت. كوتان یان ڤاكسینی مێكوتە ئاكتیڤ و سەلامەتە، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند زیانێكی لابەلای وەكو سووربوونەوە سووتانەوە و ئاوسان لە شوێنی دەرزی كوتان.
Top