خۆراكی خێرا Fast foods وەكو جێگرەوەیەكی ئاسان و خێرا بۆ خۆراكی ماڵەوە هەرگیز هەڵبژاردنێكی تەندروستییانە نییە، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە رێژەیەكی بەرزی وزە و خوێ و شەكر و چەورییە خراپەكان لەخۆدەگرن. گەلێك رێستورانت هێشتا زەیتی هایدرۆجینكراو بۆ سووركردنەوەی خۆراك بەكاردێنن كە چەورییە نێوەندەكان Trans fats لەخۆدەگرێت كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشيی دڵ زیاد دەكەن. ئەگەر بڕیارت دا كە ژەمێكی خۆراكی خێرا بخۆیت، هەوڵ بدە كە ئەو شوێنانە هەڵبژێریت كە لەگەڵ خۆراكی خێرادا زەڵاتە و سوپ و سەوزەی جۆراوجۆر پێشكەش دەكەن، هەروەها دووركەوە لە بەكارهێنانی بڕی زیادی پەنیر و ساس و مایۆنێز و كرێم كە تێكڕای چەوری و وزە لەو ژەمەدا زیاتر دەكەن. بەگشتی پێویستە لەسەر كەسانی تووشبوو بە نەخۆشيی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە دووركەونەوە لە خۆراكی خێرا. جگە لەمانە، پێویستە ئەمەش لە یاد نەكەین كە زیاد خواردنی خۆراكی خێرا یەكێكە لە عادەتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك.