بەگشتی لە رووی بەهای خۆراكییەوە هەموو جۆرەكانی هەنجیر Figs وەكو یەكن جا هەر رەنگێك بن سەوز، زەرد، مۆر، رەش یان هەتا بە جیاوازی رەنگی ناوەوەش. ئەگەرچی هەنجیری سەوز باوترینییانە، بەڵام هەنجیری رەش بەوە ناسراوە كە چێژەكەی لە هەنجیری سەوز شیرینترە، چونكە رێژەیەكی بەرزتری شەكر لەخۆدەگرێت، هەروەها رێژەیەكی بەرز لە كانزای زینك لەخۆدەگرێت كە رۆڵی هەیە لە دروستبوونی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆندا. پێكهاتە گرنگەكانی هەنجیر لە ریشاڵ و فركتۆز و كانزاكانی كالسیۆم، پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم، كۆپەر، ئاسن، مەنگەنیز لەگەڵ رێژەیەكی بەرز لە ماددە فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids و فینۆلەكان Phenols كە دژەئۆكسانی بەهێزن، رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی تەندروستیدا بەتایبەتی بۆ تەندروستی كۆڵۆن، دابەزاندنی كۆلیستیرۆل، خۆپاراستن لە كەمخوێنی. سوودە تەندروستییەكانی تری هەنجیر بریتین لە: رێگرتن لە بێهێزی بینینی پەیوەست بە تەمەن، كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن، رێگرتن لە پووكانەوەی ئێسك، خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی خوێنی مانگانە Menopause.