بە پێی ئامارە جیهانییەكان، منداڵ و گەورە بڕی زیاتر لە پێویست شەكر دەخۆن. گەلێك خۆراك و ساردەمەنی كە شەكری زیادیان تێدایە وزەیەكی زۆر و رێژەیەكی كەم لە ماددە گرنگەكان لەخۆدەگرن كە ئەمەش هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی. با ئەمەش لەبیرنەكەین كە خۆراكی شیرین و ساردەمەنی شیرینكراو هۆكارن بۆ كلۆربوونی ددانەكان بەتایبەتی لە منداڵاندا. بۆ كەمكردنەوەی خواردنی شەكر پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: لەجیاتی خواردنەوە شیرینكراوەكان و شیرەی میوەی دەستكرد، ئاو یان شیرەی میوەی سروشتی بخۆرەوە كە پێویستە بۆ منداڵان ئاوی زیاتری تێبكرێت. ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك شیرەی میوەی دەستكرد بخۆیتەوە، ئەوا وا باشترە كە لەگەڵ هەندێك ئاو تێكەڵی بكەیت، كێك و ئایس كرێم بە كەمی بخۆ. بەرە بەرە هەوڵ بدە كە بڕێكی كەمتری شەكر لەگەڵ چای یان قاوە تێكەڵ بكەیت. لەو كاتەی كە بە توندی حەز لە خواردنی شیرینی دەكەیت، میوەیەكی شیرین یان كەوچكێكی بچووك هەنگوین یان مڕەبا بخۆ لەجیاتی پاقلاوە یان قەنادی یان هەر جۆرێكی تری شیرینی. لەكاتی كڕینی هەر خۆراكێكی قوتووبەنددا، بە وردی زانییارەكانی خۆراكی نووسراو لەسەر قوتووەكە بخوێنەوە بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو جۆرەی كە بڕی كەم شەكر لەخۆدەگرێت. دووركەوە لە خواردنی میوەی قوتووبەند بەتایبەتی ئەو جۆرەی كە شەكری زیادی تێكراوە.