كلۆربوونی ددان Tooth decay هۆكاری راستەوخۆی ئازاری ددانە و گەلێك جار بە دەرهێنان یان بە ونكردنی ددانێك یان پتر كۆتایی دێت. بەكتریای ناو دەم لەسەر شەكر و نیشاستە دەژین و چینێك كە بە توندی بە رووی ددانەوە دەنووسێت پێكدێنن كە بە (پلێك Plaque) ناسراوە. بەكتریا ماددەی ترش لەم چینەدا بەهەم دێنێت كە چینە رەق و بەهێزەكەی ددان واتە عاج Enamel دەڕوشێنێت و چاڵی بچووك Cavity دروست دەكات كە هۆكارە بۆ ئازار لەكاتی خواردنی شیرینی و خۆراكی گەرم یان سارد. ئەمەش یەكەم نیشانەی كلۆربوونە و ئەلارمێكی راستەقینەیە بۆ سەردانی دكتۆری ددان. جگە لەوەی كە پێویستە بەلای كەم هەر 12 كاتژمێر جارێك ددانەكانت بشۆیت و داوی ددان Floss بەكاربێنیت، پاشان خۆراكت هاوسەنگ و رێك بكەیت، پێویستە كە 6 مانگ جارێك خۆت پیشانی پزیشكی ددان بدەیت نەك تەنیا لەو كاتەی كە هەست بە ئازاری ددان دەكەیت. لەوانەیە كە دكتۆری ددان زۆر كار لەسەر ددانەكانتدا بكات، بۆ نموونە شووتنیان بۆ لابردنی كلسی نیشتوو و پڕكردنەوەی چاڵی بچووكی كلۆربوون بەر لەوەی كە هەموو ددانەكە بگرێتەوە، هەروەها جۆری فڵچەی شووشتنی ددان و مەعجوونی گونجاو بە پێی سروشتی پووكت هەڵدەبژێرێت.