دەرزیی ئینسولین

دەرزیی ئینسولین
ئینسولینInsulin هۆرمۆنێكە بە شێوەیەكی سروشتی لە گلاندی پەنكاریاس دەردەدرێت، ئەم هۆرمۆنە هانی چوونە ژووەرەوەی شەكر بۆ ناو خانەكانی لەش دەدات تاكو بۆ وزە بەكاربێت، كەمی ئینسولین دەبێتە ئەگەری نەخۆشیی شەكرە Diabetes. دەرزی ئینسولین بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن بەكاردێت لە نەخۆشیی شەكرەی جۆری یەكەم واتە ئەو جۆرەی كە پشت بە ئینسولین دەبەستێت، هەروەها بۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم لەوكاتەی كە تەنیا بە حەب ئاستی شەكری خوێن كۆنترۆل نەكرێت. هەموو جۆرەكانی دەرزیی ئینسولین لە رووی كاریگەریی سەرەكی وەكو یەكن، تەنیا لە خێرایی كاركردن و ماوەی بەردەوامبوونی كاریگەری بۆ كۆنترۆلكردنی شەكری خوێن جیاوازیان هەیە. دەرزی ئینسولین كۆنترۆلی ئاستی شەكری خوێن دەكات، بەڵام هەرگیز نەخۆشیی شەكرە بە یەكجاری چارەسەر ناكات. ئینسولین دەبێتە هۆی گۆڕان لە ئاستی شەكری خوێندا، بۆیە پێویستە كە نیشانەكانی بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن بزانیت، بۆ نموونە نیشانەكانی دابەزینی شەكری خوێن Hypoglycemia بریتین لە: لەرزین لە هەر بەشێكی لەشدا، سەرسووڕان و هەستكردن بە سووكبوونی سەر، ئارەقەكردن، ناڕحەتی و تووڕەبوون، گۆڕانی كتوپڕ لە مەزاجدا، سەرئێشە، هەستكردن بە سڕبوون یان تەزین لە دەوری دەمدا، بێهێزی گشتی لەش، هەستكردن بە برسیبوون، ئەنجامدانی جوولەی لەناكاو. نیشانەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Hyperglycemia بریتین لە: هەستكردن بە برسیبوونێك و تێنووبوونێكی توند، زوو میزكردن، بێهێزی گشتی، تێكچوونی بینین.
Top