ژاراویبوونی دووگیانی Pre-eclampsia یەكێكە لە ئاڵۆزییەكانی دووگیانی كە بە شێوەیەكی سەرەكی بریتییە لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و دەردانی پرۆتین لەگەڵ میزدا، لەگەڵ چەند نیشانەیەكی دیكەی وەكو: سەرئێشەیەكی توند، تێكچوونی بینین، سك ئێشە كە زیاتر لای راست و ژێرەوەی پەراسووەكان دەگرێتەوە، رشانەوە، ئاوسانی دەست یان دەموچاو یان قاچ، كەمبوونەوەی هەستكردن بە جووڵەی كۆرپە. ژاراویبوونی دووگیانی لە دەوروبەری هەفتەی 20 ـەمی دووگیانیدا سەرهەڵدەدات و پاش منداڵبوون بە 6 هەفتە نەخۆش بەرەو چاكبوونەوە دەچێت، هەر چەند نەخۆشییەكە سەختتر و پەستانی خوێن بەرزتر بێت هێندە مەترسی زیاتر دەخاتە سەر دایك و كۆرپە. هۆكاری راستەقینەی ژاراویبوونی دووگیانی بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام پێدەچێت كە گرفت لە ویڵاش هۆكار بێت، هۆكارە هاندەرەكانیش بۆ تووشبوون بریتین لە: دووگیانی نۆبەرە، تەمەنی 40 ساڵ و زیاتر، قەڵەوی، دووگیانی جمك یان سییانە و زیاتر، بوونی مەیلی خێزانی، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەر لە دووگیانبوون. تاكە رێگای چارەسەركردن بریتییە لە هاندانی منداڵبوونی پێش وەخت، دەرمان تەنیا بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزییەكان بەكاردێت.