تالاسیمیا Thalassemia نەخۆشییەكی زگماكی خوێنە و بریتییە لە ناتەواوی لە دروستبووونی هیمۆگلۆبیندا كە چەند جۆرێكی هەیە. بیتا تالاسيمیا باوترینی جۆرەكانە كە بریتییە لە كەمبوونەوەی یان دروستنەبوونی زنجیرە پرۆتینەكانی بیتای هیمۆگلۆبین. تالاسیمیای بچووك Thalassemia minor كە تەنیا یەك كۆپی لە جینی بیتا تالاسیمیا هەیە لەگەڵ جینێكی تەواوی زنجیرەی بیتای هیمۆگلۆبین، لەگەڵ كەمخوێنییەكی سووك واتە ئاستی هیمۆگلۆبین لە خوێندا كەمێك نزمە هەر وەكو كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن وایە، تالاسیمیای بچووك پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات. تالاسیمیای گەورە Thalassemia major واتە نەخۆش هەڵگری 2 جینی بیتا تالاسیمیایە بەمەشەوە زینجیرەی بیتای هیمۆگلۆبینی دروست نابێت، بۆیە بە نەخۆشییەكی توند لە قەڵەم دەدرێت. كەمخوێنی گەورەترین نیشانەی تالاسیمیایە، كەمخوێنییەكی سەخت كە ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی دیكە زیاتر دەكات وەكو هەوكردنەكان. تالاسیمیا بە گواستنەوەی خوێن، دەنكی فۆلیك ئەسید، دەرزی دیسفیرال بۆ رێگرتن لە كۆبوونەوەی كانزای ئاسن لە لەشدا چارەسەر دەكرێت. چارەسەری سەرەكی و یەكجارەكی بۆ نەخۆشی تالاسیمیا بریتییە لە گواستنەوەی مۆخی ئێسك Bone Marrow Transplantation كە لە بەخشەرێكی گونجاو وەربگیرێت، رێژەی چاكبوونەوە دەگاتە نزیكەی 89% كە نەخۆشی چیتر پێویستی بە گواستنەوەی خوێن نابێت. بەم چارەسەرە، نەخۆش بۆ ماوەی 40-45 رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، بەڵام تا ئێستا نرخەكەی گران دەوەستێت.