لەوانەیە كە بە مەبەستی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش بڕی هەموو جۆرەكانی خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان كەم بكەیتەوە، ئەمەش بۆ تەندروستی باش نییە. كاربۆهیدراتەكان دوو جۆرن: كاربۆهیدراتە سادەكان Simple carbohydrates یان شەكرەكان كە زوو هەرس دەكرێن و بە خێرایی هەڵدەمژرێن و بەهایەكی خۆراكی نزمیان هەیە، كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان Complex Carbohydrates كە تەندروستییانەن. لەش بۆ دابینكردنی وزەی رۆژانە پێویستی بە بڕێكی دیاریكراوی خۆراكی كاربۆهیدراتییەوە هەیە. بۆ تەندروستیت واباشترە كە كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان لە بڕی كاربۆهیدراتە سادەكان وەكو سەرچاوەی وزە هەڵبژێریت. راستە پارچەیەك قەنادی وزەیەكی خێرا بە لەش دەبەخشێت، بەڵام بە بەهایەكی خۆراكی یەكجار كەمەوە، هەروەها زوو هەڵدەمژرێت و دەگۆڕێت بۆ چەوريی زیاد لە لەشدا، جگە لەمەش بەخشینی وزە بۆ ماوەیەكی كاتی كورتە و زوو هەستی برسیبوون پەیدا دەبێتەوە. كاربۆهیدراتی ئاڵۆز، جگە لە دابینكردنی وزە، گرنگی زۆریان هەیە بۆ تەندروستی، بەڵام هێشتا پێویستە كە بە بڕی زیاد نەبێت. نان یان هەویركاری بە گەنمی تەواو، سەوزە و میوە نموونەی باشن بۆ كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان. هەندێك جۆری كاربۆهیدراتی ئاڵۆز جگە لە دابینكردنی وزە رۆڵیان هەیە بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا.