هەستكردن بە ماندووبوون Fatigue، بێ هێزيی گشتی لەش یان هیلاكی بەدەنی Exhaustion لەكاتی دووگیانیدا وەكو سەركەوتنی چیایەك یان راكردنی ماراسۆن وایە كە هیچ مەشقی بۆ نەكرابێت و جانتایەكیش لە پشت بێت، بە مانایەكی دیكە، كارێكی قوڕسە. هۆكاری ئەمە لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە وزەیەكی زۆر دەڕوات بۆ دروستبوونی ویڵاش Placenta. لە 3 مانگی كۆتایی دووگیانیدا، هۆكاری هەستكردن بە هیلاكی دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی كۆرپە كە پێویستییەكانی زیاد دەكەن، هەروەها خەو و مەزاجی ئافرەت دەشێوێت. چارەسەر بریتییە لە پشوودان، تەرخانكردنی كاتێكی باش بۆ نووستن، گرنگیدان بە خۆراك، رۆژانە 5-6 ژەمی بچووك بخۆ بۆ هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن لە ئاستێكدا كە بەس بێت بۆ دابینكردنی وزەیەكی بەردەوام، مەشقی فیزیكی سووك وەكو رۆیشتن گرنگە بۆ بەلاوەنانی هەستی ماندووبوون و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنە ئیندۆرفینەكان Endorphins كە مەزاج و پاشان خەو باشتر دەكەن. نووستنێكی باشی ئەمڕۆ واتە وزەیەكی باشی سبەی. ئەگەر هیلاكییەكەت توند و بەردەوام بوو، یان هاوكات بوو لەگەڵ نیشانەی تری وەكو بێهێزی لەش، قوڕسبوونی هەناسە، ئەو كاتە پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات كە لەوانەیە كەمخوێنی هۆكار بێت.