وەرگرتنی ئەسپرین Aspirin رۆژانە لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ كەم بكاتەوە، بەڵام تا كەی رۆژانە وەریدەگریت؟ ئایا سوودی لە زیانەكانی زیاترە؟ ئەگەرچی جار بە جار حەبێكی ئەسپرین بۆ سووككردنی سەرئێشە یان ئازاری لەش بەكاردێنیت، بەڵام رۆژانە وەرگرتنی ئەسپرین لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیانی لابەلای مەترسیدار بۆ نموونە خوێنبەربوون لە ناوەوەی لەشدا. پسپۆڕانی تەندروستی پێیان باش نییە كە رۆژانە لەخۆتەوە حەبێكی ئەسپرین بەكاربێنیت، بەڵكو وا باشە كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆر رۆژانە ئەسپرین وەربگریت، بۆ نموونە ئەگەر جارێك یان پتر تووشی نۆرەیەكی دڵ بووبیت ئەوا دكتۆر رۆژانە ژەمێكی دیاریكراوی ئەسپرینت بۆ تەرخان دەكات بەمەرجێك هەستەوەریت پێی نەبێت. ئەگەر ئەگەری تووشبوونت بە نۆرەی دڵ لێبكرێت، دیسان لەوانەیە كە دكتۆر ئەسپرینی رۆژانەت بۆ تەرخان بكات. بەگشتی رۆژانە وەرگرتنی ئەسپرین بە رێنمایی دكتۆر تەنیا بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە پێویستە: پاش تووشبوون بە نۆرەیەكی دڵ یان جەڵتەی مێشك، پاش دانانی تۆڕ (دەعامە Stent) لە خوێنبەرێكی تاجی دڵدا، پاش نەشتەرگەری بایپاسی دڵ، پاش تووشبوون بە سینگە دڕە Angina، بوونی ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ، تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە پاش 50 ساڵی تەمەن.