رۆژانە ریشاڵی خۆراكیت پێویستە

رۆژانە ریشاڵی خۆراكیت پێویستە
ریشاڵی خۆراكیDietary fiber بەشێكی كاربۆهیدراتن، تەنیا لە رووەكدا هەیە، كۆئەندامی هەرس لە مرۆڤدا توانای هەرسكردن و هەڵمژینی ریشاڵی خۆراكی نییە. لەبەر ئەوەی كە ریشاڵ رێژەیەكی زۆری ئاو هەڵدەمژێت، قەبارەكەی گەورە دەبێت، بۆیە پاش خواردنی ریشاڵ هەستی تێربوون پەیدا دەبێت، ئەمەش یارمەتی هەرسكردن و جووڵەی خۆراك لە ریخۆڵەدا دەدات. ریشاڵیی خۆراكی رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە چەندین نەخۆشی وەكو: نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، قەبزی. ریشاڵی خۆراكی دوو جۆری هەیە، جۆری تواوە Soluble و جۆری نەتواوە Insoluble، گرنگترین سەرچاوەكانی ریشاڵی خۆراكی بریتین لە: تۆوەكان، نیسك، نۆك، باوی، گوێز، كازو، گەنم، جۆ، دانەوێڵە، سەوزە و میوەكان. خواردنی بڕی زۆری ریشاڵی خۆراكی لە ماوەیەكی كورتدا دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا لەگەڵ ئازار و ناڕحەتی لە سكدا، هەندێك جاریش سكچوون و كەمبوونەوەی هەڵمژینی كانزاكانی ئاسن و زینك و مەگنسیۆم و كالسیۆم، ئەم گرفتانەش بە بەرە بەرە كەمكردنەوەی ریشاڵ لە خۆراكدا كەم دەبنەوە. رۆژانە خواردنی 20-35 گرام ریشاڵی خۆراكی بۆ مرۆڤێكی پێگەیشتوو پێویست دەكات، بۆ منداڵان ئەگەرچی رێژەیەك دیار نەكراوە بەڵام بە گشتی پێویستە كە خۆراكی منداڵان سەوزە و میوە و دانەوێڵە و پاقلەمەنییەكان لەخۆبگرێت.
Top