هەناسەڕاوكێ لەكاتی خەودا

هەناسەڕاوكێ لەكاتی خەودا
هەناسەڕاوكێ لەكاتی خەودا Sleep apnea بریتییە لە كەمبوونەوەی یان وەستانی هەناسە لەكاتی خەودا كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئۆكسجین لە خوێندا. هۆكارەكان بریتین لە: لاربوونی بەربەستی لووت كە دەبێتە ئەگەری تەسكبوونەوەی رێڕەوی هەناسە، شۆڕبوونەوەی بەشی دواوەی مەڵاشوو بۆ بەشی پشتەوەی قوڕگ، شۆڕبوونەوەی بەشی پشتەوەی زمان بۆ ناو رێڕەوی هەناسە لەگەڵ شۆڕبوونەوەی دیوارەكانی تەنیشتی قوڕگ كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی رێڕەوی هەناسە لەكاتی نووستندا. ئاڵۆزییەكانی هەناسەڕاوكێ لەكاتی خەودا بریتین لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشك، نەخۆشی دڵ، ئەگەری زیادبوونی كارەساتی ئۆتۆمبیل لەبەر خەوهاتن لەكاتی رۆژدا، گرفت لە تەركیز و بیركردنەوەدا، هەندێك جاریش لەوانەیە كە ئەم گرفتە ببێتە هۆی مردنێكی كتوپڕ. ئەم گرفتە بە چەندین رێگا چارەسەر دەكرێت وەكو دەرمان و چەندین جۆری نەشتەرگەری بۆ فراوانكردنەوەی رێڕەوی هەناسە بەگشتی تووشبووان بە هەناسەڕاوكێ لەكاتی خەودا خاوەن رێڕەوێكی هەناسەی تەسكن بەتایبەتی لە نزیك بنكەی زمان و مەڵاشوودا، بۆیە لەكاتی پاڵكەوتن یان نووستن لەسەر پشت و خاوبوونەوەی ماسوولكەكانی قوڕگ، مەڵاشوو بۆ لای پشتەوە شۆڕدەبێتەوە و رێڕەوی هەناسە دادەخات، بەمەشەوە تووشبوو لە پڕێكەوە بە دەنگ یان پرخەیەكی توند لە خەو بیدار دەبێتەوە و هەناسەی خێرا وەردەگرێت.
Top