منداڵبوون لەوانەیە كە چەند حاڵەتێكی دەروونی لە وروژان و هەستكردن بە خۆشییەوە بگرە تا دەگاتە پەستی یان خەمۆكی پەیدا بكات. گەلێك لە دایكە نوێكان(نۆبەرەكان) دوچاری دڵتونديی پاش منداڵبوون Baby blues دەبن بە شێوەی هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج لەگەڵ نۆرەی كورتی گریان. بەڵام هەندێكیان دوچاری دڵتوندییەكی توند و درێژخایەن دەبنەوە كە بە خەمۆكی پاش منداڵبوون ناسراوە Postpartum depression. مەرج نییە كە خەمۆكی پاش منداڵبوون تەنیا لە نۆبەرەكاندا رووبدات، بەڵكو لەوانەیە كە لەپاش هەر منداڵبوونێكدا رووبدات، ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن بریتین لە: دووگیانی بێ پلان یان نەخوازراو، گرفتی ماددی، تووشبوون بە خەمۆكی لە رابردوودا، بوونی گرفتی خێزانی یان پیشەیی. خەمۆكی پاش منداڵبوون ئەگەر چارەسەرنەكرێت لەوانەیە كە بۆ ماوەی چەند مانگێك یان زیاتر درێژە بكێشێت، هەندێك جاریش ببێتە خەمۆكی درێژخایەن، هەروەها لەگەڵ ئەنجامە باشەكانی چارەسەركردنیشیدا، هێشتا لە گەلێك ئافرەتدا ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی قووڵ لە دوارۆژدا لە ئارادایە. خەمۆكی پاش منداڵبوون بە شێوەیەكی سەرەكی بە بەكارهێنانی دەرمانی دژە خەمۆكی چارەسەردەكرێت، گەلێك جاریش چارەسەری هۆرمۆنی ئەنجامی باشی دەبێت چونكە پاش منداڵبوون ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بە كتوپڕی دادەبەزێت.