سوود و زیانەكانی كیتچەپ

سوود و زیانەكانی كیتچەپ
لە بڵاوكراوەیەكی پەیمانگای هاینزی Heinz تایبەت بە زانستە خۆراكییەكان ساڵی 1998 دا هاتووە كە ماددەی لایكۆپێن Lycopene بە رێژەیەكی بەرز لە تەماتەی تازە و دۆشاوی تەماتە و كیتچەپ و بەرهەمەكانی دیكەی تەماتەدا هەیە. تەماتە پێكهێنەری بنەڕەتی كیتچەپە كە سوودی تەندروستی زۆری هەیە بەتایبەتی لەوكاتەی كە تەماتەی چڕكراو رێژەیەكی بەرز لە ماددەی لایكۆپێن لەخۆدەگرێت كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ و زوو پیربوون. ئەگەرچی كیتچەپ Ketchup چێژێكی خۆشی هەیە، بەڵام هێندە تەندروستییانە نییە چونكە رێژەیەكی بەرزی خوێ و شەكر لەخۆدەگرێت. هەموو سوودەكانی كیتچەب بۆ ماددەی لایكۆپێن دەگەڕێنەوە، لە لایەكی دیكەوە رێژە بەرزەكەی خوێ و شیرەی گەنمەشامی Corn syrup كە بە شەكری فركتۆز باركراوە زیانبەخشن بۆ تەندروستی. بڕی زیادی خوێ هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفتی خوێنبەرەكان كە هەردووكیان هۆكارن بۆ جەڵتەی مێشك و نۆرەی دڵ. رێژەی بەرزی فركتۆز واتە كالۆری زیاد كە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، هەروەها دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن، پاشان دابەزینێكی خێرا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هێڵنج و هەستكردن بە ماندووبوون یان سەرسووڕان بەتایبەتی لە نەخۆشانی شەكرەدا.
Top