ئەمە راستییەكی زانستییە كە نزیكەی هەموو جۆركانی ئایس كرێم Ice Cream رێژەیەكی بەرزی شەكر و چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن. ئایس كرێم وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرێت، هەروەها لەبەر چێژە خۆشەكەی بۆتە یەكێك لەو خۆراكانەی كە زۆر كەس رادەكێشێت بۆ زیاد خواردنی. هەندێك جۆری ئایس كرێم خۆراكی دیكەیان لەگەڵدا تێكەڵ دەكرێت وەكو شوكولاتە، كەرەی فسق عەبید Peanut-butter، قەنادی، وردە فستق، جێلی و كرێمی رەنگاوڕەنگ. تاد، بەمەوە ئاستی وزە و چەوری ئایس كرێم هێشتا زیاتر بەرزدەبێتەوە، هەروەها لە بەهای خۆراكییەكەشی كەم دەبێتەوە. زیاد خواردنی ئەم جۆرانەی ئایس كرێم لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و رەقبوونی خوێنبەرەكان و قەڵەوی زیاد دەكات. چەورییە تێرەكانی ئایس كرێم دەبنە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا. بۆ پاراستنی تەندروستیی ئەو جۆرەی ئایس كرێم باشترە كە بە شیری سۆیا لەجیاتی شیری چێڵ دروست دەكرێت و هەمان ماددە گرنگەكانی وەكو پرۆتین و ڤیتامین و كانزایەكان لەخۆدەگرێت لەگەڵ رێژەیەكی كەمتری چەوری، یان ئایس كرێمێك كە بە شیری كەم چەور دروست كرابێت .